بافڵ تاڵه‌بانی سه‌ره‌خۆشى له‌كه‌س و كارى قوربانیانى په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌كه‌ى سنورى پردێ ده‌كات

7 رۆژ پێش ئێستا ژمارەی بینین: 46 جار

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و كەسوكاری ئەو پێشمەرگە قارەمانە كردووە كە بەهۆی پەلاماری تیرۆریستانی داعش لە سنوری ناحیەی پردێ‌ بونە قوربانی، ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:
پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵە و كەسوكاری ئەو پێشمەرگە قارەمان و تێكۆشەرانە دەكەم كە بەهۆی پەلامارە تیرۆرستییەكەی چەكدارانی داعشەوە شەهیدبوون و هیوای چاكبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەكان دەخوازم.
 مەترسییەكانی داعش لە عێراق و هەرێمی كوردستان كۆتایی نەهاتووە و چەندینجاریش هۆشداریمان لە هەبوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق لە ناوچە جێناكۆكەكان داوە، كە بەداخەوە هێرشەكەی شەوی ڕابردووی چەكدارانی داعش لە ئەنجامی سوودوەرگرتن بووە لەو بۆشاییە ئەمنییە.
رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری هەرێمی كوردستان و عیراق ئەركی هەموولایەكمانە و پێویستە هاوكاری و هەماهەنگی نێوان سوپای عیراق و هێزەكانی پێشمەرگە زیاتربێت. ناتوانین ژیانێكی ئارام و سەقامگیرمان هەبێت ئەگەر هەموومان پێكەوە یەكدەنگ و یەكدەست نەبین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەكان.
بافڵ تاڵەبانی
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

نەخشە دانان و پەرەپێدان لەلایەن تێراتارگێت بۆ زیرەکی دیجیتاڵی و داهێنانەکانی ئای تی