وەزیری تەندروستی عێراق: جارێکی تر قەدەغەی ھاتوچۆ راناگەیەندرێتەوە

وەزیری تەندروستی عێراق: جارێکی تر قەدەغەی ھاتوچۆ راناگەیەندرێتەوە
وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، جارێکی تر قەدەغەی ھاتوچۆ لە وڵاتەکەدا راناگەیەندرێتەوە و رێکاری پێویستیش بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی جۆری نوێی کۆرۆنا "ئۆمیکرۆن" گیراوەتەبەر.

ھانی عەقابی وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاندوە، لە رێی ئەنجامدانی پشکنین بۆ ھەموو ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە دەگەرێنەوە، رێگری دەکەن لە گەیشتنی جۆری نوێی کۆرۆنا "ئۆمیکرۆن"بۆ عێراق و ھاوکات ھەڵمەتەکانی بەکارھێنانی ڤاکسینیشیان فراوان کردوە و تا کۆتایی ئەم مانگە ژمارەی ئەو کەسانەی ژەمی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە دەگاتە ٨ ملیۆن و ژمارەی ئەوانەش کە دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتوە دەگاتە ٥ ملیۆن کەس.


وەزیری تەندروستی عێراق دوپاتیشیکردۆتەوە، بۆ سنوردارکردنی بڵاوبونەوەی کۆرۆنا جارێکی تر قەدەغەی ھاتوچۆ راناگەیەندرێت، چونکە کاریگەری لەسەر ئابوری و ژیانی ھاوڵاتیان دروست دەکات، باشترین رێگاش بۆ سنوردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەکارھێنانی ڤاکسینە.