نمایشکارە قەڵەوەکان بە ستایلەکانیان تێڕوانینی جیھان بۆ قەڵەوی دەگۆڕن.

نمایشکارە قەڵەوەکان بە ستایلەکانیان تێڕوانینی جیھان بۆ قەڵەوی دەگۆڕن.

تۆش پێت وایە نمایشكارە قەڵەوەكان سەرنجڕاكێشن؟

پێوەرەكان لە جیهاندا بۆ كاری نمایش و مۆدێل هەمیشە باس لە كێشی كەم و باڵای بەرز دەكەن ، بەڵام لە ئێستادا بۆ شكاندنی ئەم یاسایانەو ڕێزگرتن لە هەستی ئەو كەسانەی كێشیان زۆرە و قەڵەون ، بەبێ ئەوەی كێشیان دابەزێنن بە شانازییەوە كاری مۆدێل دەكەن.

نموونەی ئەو نمایشكارانە وەك ئاشڵی گراهام، كە یەكێكە لە دیارترین نمایشكارەكانی جل و بەرگ و بواری مۆدە ، بە ژنێكی بوێر و متمانە بە خۆبوو دەناسرێت سەرەڕای ئەو قسانەی دەربارەی كێشی ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

هەروەها كاندیس هاڤن، كە ئەستێرەیەكی دیاری بواری نمایشی كەڤەری گۆڤارە جیهانییەكانە، دەڵێت متمانە بەخۆبوون مەرجی سەرەكی جوانییە.

هاوكات تێس هۆڵیدای، خەڵكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایەو كێشی نزیكەی ١٣٠ كیلۆگرامە ، یەكێكە لە قەڵەوترین ژنە نمایشكارەكانی جیهان، كە چەندین ڕێككەوتننامەی لەگەڵ براندەكانی جل و بەرگ هەیە بۆ ئەوەی ڕێكلام بۆ جلی قەبارە گەورە بكات و ژنان هان بدات و بازاڕكردنیان زیاد بكات.

تێس هەمیشە دەڵێت، تەنها ڕێگایەك نییە بۆئەوەی ژنێك یان خانمێك بیت، تەنها ڕێگایەك نییە بۆئەوەی جوانبیت، هەموو ژنێك شایەنی شوێنێكە لە ژیاندا.

بێگومان ڕەنگە هەموو كات تەنها خاوەن لەش و لارە ڕێكەكان نەبنە خاوەنی جوانییەكی سەرنج ڕاكێش و ناوبانگ دەربكەن ، وەك ماریا یوجینیا، كە دیزاینەر و نمایشكاری جلوبەرگی ژنانی قەڵەوەو نازناوی جوانترین ژنە نمایشكاری قەڵەوی لە جیهاندا پێبەخشراوە.

ئامادەكردنی : گەشین تەها