بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە : لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ، پارێزگای هەڵەبجە زۆرترین ڕووبەری باخی هەناری هەیە ، ساڵانەش بەرهەمێكی زۆری هەنار لەم پارێزگایە بەرهەم دێت.

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە : لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ، پارێزگای هەڵەبجە زۆرترین ڕووبەری باخی هەناری هەیە ، ساڵانەش بەرهەمێكی زۆری هەنار لەم پارێزگایە بەرهەم دێت.
ستار مەحمود ، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە ، لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی بەیانی گەلی كوردستان ڕایگەیاند: لە دوای ساڵی 2014بە هۆی قەیرانی داراییەوە ، ئەو بودجەیەی ساڵانە بۆ هاوكاری كەرتی كشتوكاڵ تەرخاندەكرا ، ئێستا بەشێوەیەكی گشتی كەمبۆتەوە یان هەرنەماوە، بۆیە بەم هۆیەشەوە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە یارمەتی جوتیاران بدات، تەنها توانیویەتی بڕێك لە بنەتۆو بۆ جوتیاران دابین بكات.
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە، ڕاشیگەیاند: ماوەی چەند ساڵێكە ئامێر و كەل و پەلی كشتوكاڵی نەهاتۆتە هەرێمی كوردستان ، لەو ڕووەشەوە وەزارەتی كشتوكاڵ پڕۆژەیەكی ڕاگەیاند: كە پڕۆژەكەش ئەوە بوو بتواندرێت لە ڕێگای كەرتی تایبەتەوە و بە نرخێكی گونجاو بە قیستی 5 ساڵ ئامێری كشتوكاڵی بۆ جوتیاران دابین بكرێت ، وتیشی: لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە هەموو داواكاری جوتیارانمان گەیاندۆتە وەزارەتی كشتوكاڵ تا وەزارەت بتوانێت پێداویستی جوتیاران دابین بكات و زیاتر خزمەتیان بكەین .
ستار مەحمود ، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: سنوری پارێزگای هەڵەبجە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان زۆرترین ڕووبەری باخی هەناری هەیە كە نزیكەی( 9 )هەزار دۆنمە ، ساڵانەش بەرهەمێكی زۆر باشی هەیە و ساڵانە جوتیارەكانمان گرفتی ساغبوونەوەی بەرهەمەكانیان هەبوو , وەزارەتی كشتوكاڵیش هەوڵی ساغ كردنەوە و ناردنەدەرەوەی بەرهەمەكانی داوە و خۆشبەختانە ئەمساڵیش بەرهەمەكانی بۆ دەرەوە هەناردەكرد و بەشێك لە كێشەكانی جوتیارانی چارەسەركرد.
ئامادەكردنی : هێرش قەشانی