کاریگەری کۆڕۆنا لەسەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان

جوتیار فەتاح قادر28/11/2020

کاریگەری کۆڕۆنا لەسەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان
جوتیار فەتاح قادر
پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان یەکێکن لە پایە بەهێزەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەیەک، بەهێزی پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان زۆرجار ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەرقەرار دەکات، وە بە پێچەوانشەوە، ئەگەر سەیری ڕابردوی کوردەواری بکەین هەست بە بوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکەین، ئەوەش وای کردوە کورد لە ڕوی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تا ئاستێکی باڵا دوچاری کێشەی گەورە نەبوبێتەوە، چونکە بونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی وای کردووە کۆمەڵی کوردی بۆند و گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکانی تا ڕادەیەکی توند بەیەکەوە پابەند بن، واتا تاک و کۆمەڵ بونەتە زنجیرەیەکی بەیەکەوە لکاو، کەم تاک هەبوە خۆی بخاتە بەر تیر و تانەی کۆمەڵایەتی گەڕەک یان شارو دەوروبەرەکەی، هەمیشە تاک لە کۆمەڵی کوردەواری خۆی پاراستووە لە نەفرەتی #کۆمەڵ و پێکهاتەکانی.
پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە سەردەمی کۆڕۆنا
کۆڕۆنا ئەو پەتاییەی کە ساڵێکە ڕوبەڕوی مرۆڤایەتی بۆتەوە بە ملیۆنان خەڵکی توشی نەخۆشی کردوەو قوربانی گەورەی لێکەوتەوە، تا ئێستاش چارسەری ئەو پەتایەو خۆپارستن لێی دورکەوتنەوەی مرۆڤەکانە لە یەکتری واتا کۆڕۆنا دەیەوێت، ئەو تیۆرەی ئەرستۆ پێچەوانە بکاتەوە جاڕی ئەوەی لێبدات کە چیتر مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی نییە، ئەوەش کێشەی گەوەرە بۆ پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەکات، چونکە مرۆڤەکان لەیەکتر دوردەکاتەوە و پەیوەندیەکان لاواز یان بەرەو لەناوبردن دەبات، باشترین بەڵگەش نەمان و کاڵبونەوەی بۆنە کۆمەڵایەتیەکانە، ئەو بۆنانەی کە تا دوێنێ مرۆڤەکانی کۆدەکردەوە و جارێکی تر گرێبەندە کۆمەڵایەتیەکان دەبسترانەوە، ئەوەش دەبوە سەرچاوەی دەستەبەری ئاسایشی کۆمەڵایەتی. کۆمەڵناسی هەرگیز دژی خۆپارێزی و چارەسەری تەندروستی نیە، بەڵام دژی لەناو چونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیشە، مرۆڤ ئەگەر لە بونەوەرە کۆمەڵایەتییەکەیەوە بگۆرێت بۆ بونەوەری سروشتی ئەوە ئەو کات کۆی سیستمی ژیاری مرۆڤایەتی توشی گۆڕانی گەورە دەبێتەوەو ئەو کاتیش کۆنترۆڵ کردنی داواکاریەکانی مرۆڤ ئەستەم و مەحاڵ دەبێت.
لە ئێستای سەردەمی کۆڕۆناسالاری مرۆڤ بەروە تاکسەنتەری و نا کۆمەڵایەتی ڕۆێشتووە، بۆیە پێوستی بە ڤاکسینی خێرای دژ بە کۆڕۆنا هەیە، بۆ ئەوەی سەرەڕای چارەسەی تەندروستی چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵایەتیش دەستەبەر بێت، نەمانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، لادانە کۆمەڵایەتیەکان چەند هێندە دەکات، مرۆڤ چیتر بیر لە مرۆڤەکانی تر ناکاتەوەو خۆی تەنها دەبێتە سەنتەر و ناگەڕێتەوە بۆ هیچ گرێبەندێکی کۆمەڵایەتی، بەگشتی ئەم تاک سەنتەری گرێنەدراوە بە هیچ پەیمانێکی کۆمەڵایەتی هەم کێشەی کۆمەڵایەتی هەمیش نەخۆشیە دەرونیەکان زیاد دەکات، کە لە دواجاردا لەدەست دەرچونیان کێشەی گەورەتر لە مەترسی کۆڕۆنا بۆ مرۆڤایەتی دێنێتە پێش، ئەم تیۆرەش پشت بەستوە بە داتاکانی دەزگاکانی ڕوبەڕوبونەوەی توندوتیژی لەسەرتاسەری جیهان، دەبینین و دەبیستین رۆژانە تاوانی کۆمەڵایەتی و دەرونی زیاتر دەبن.
چارەسەر:
بەر لە هەمو شتێک پێویستە ئەوە بڵیین ئەو سیستەمی ئێستای ژیانی مۆرڤایەتی دەبات بەڕیوە سیستمێکی مەترسیدارە و دژ بە هەمو پێوەرە مرۆییەکانە، چونکە نرخی مرۆڤ بەو کاخەز و وێنانەی گیرفانی (پارە) دەپێوێت، نەوەک بیرو ئاوەزی، کە ئەوەش ئەگەر ڕیگری لێنەکرێت لە زەمەنێکی کورتی چاوەڕوانکراو بەرە سەردەمی جەنگەڵ و ئاژەڵسالاری دەچین، لەبەر ئەوەی پارە دەبێتە ئامانجی یەکەمی مرۆڤ، لە بری ئامانجی سەرەکی کە ژیانکردنە لە پێناو مرۆڤایەتی، ئێستاش دەبینین ژمارەیەکی زۆر کەمی ژمێردراو توانای کۆنتڕۆڵ کردنی نزیک بە حەوت ملیار مرۆڤی هەیە، ئەمەش تەنها بە پێوەری پێبونی پارەی زیاتر لەوانی تر، بۆیە پێویستە بەر لە هەر چارەسەرێک مرۆڤ بیر لە گۆڕینی سیستمەکە بکاتەوە و دەست بە گۆڕینی بکرێت، بۆ سیستمێکی مرۆیی کۆمەڵایەتی.
لە لایەکی ترەوە چارەسەری تەندروستی نیشتیمانی هەنگای بەپەپەلەی دەوێت بۆ ئەوەی مرۆڤ بتونێت بگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی ژیانکردنە ئاسایەکەی پێشوی بە پەند وەرگرتن لەو ساڵەی توانی بە تەنیا بژیت و جەنگی مانەوە بکات لەگەل کۆی بەربەستەکانی سەردەمی کۆڕۆنا، لەگەڵ چارەسەی قەیرانە ئابوریەکانی سەردەم، کۆی کێشەکە کێشەی ئابورییە کە نەدەبو وابێت، بەڵام کە وایە پێستە چارەسەر بکرێت.
لە کۆتاییدا رۆڵ بدرێتەوە بە خێزان، بۆ ئەوەی تاک لە ناو کۆمەڵی خۆی یان یەکەم کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کە خێزانە ئارامی دەرونی بە دەست بهێنێت زۆرن دەپرسن خاوەنی هەمو شتێکین، بەڵام ئارامی دەرونیمان بە دەست نە‌هێناوە، وەڵام ئاسانە چونکە تەنیایی مرۆڤ ناکات بە بونەورێکی خۆش ژیاو، خێزانی ئاسودە و بەختیار تاک و کۆمەڵی ئاسودەی بەختیار پێشکەش بە کۆمەڵی مرۆڤایەتی دەکات، کە لە دواجاردا مرۆڤایەتی و کۆمەڵەکەی ئارامی دەرونی و کۆمەڵایەتی دەستەبەر دەکەن.
بە گەشتی مرۆڤ ناتوانێ بە تەنیا ژیان بکات، بۆیە پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ ناو مرۆڤایەتی، کە ئەویش دەستەبەری ژیانێکی شایستە پێشکەش دەکات بە کۆی پرۆسەکە. واتا ئەگەر ئەو هەنگاوانەی بەرەو چارەسەر بگرینە بەر کۆمەڵێک سود دەچنینەوە کە بریتین لە: دەستەبەری ئاسایشی کۆمەڵایەتی، دەرونی، ئابوری و ئارامی دەرونی و هەست کردن بە ئاسودەیی و چێژ وەرگرتن لە ژیان.

نەخشە دانان و پەرەپێدان لەلایەن تێراتارگێت بۆ زیرەکی دیجیتاڵی و داهێنانەکانی ئای تی