روونکردنەوەکەی ناوخۆ و ململانێی حزبی

سامان سنجاوی 21/07/2020

لەسەر دۆسیەی دەستگیرکردنی دالیای برازای ساڵح موسلیم. ئەوەی لەرونکردنەوەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هەڵدەسەنگێندرێ:
 ١- چۆنیەتی راکردنی ئەو کچە، بەکام رێچکەو دەروازە، کە لە ئێستادا بەدرێژایی سنوری هەرێم تورکیا ناوچەی شەڕە، ئەو کچە چۆن لەهەموو ئەو خاڵی پشکنینە دەربازی بوو.
٢- بۆ رونکردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ دەچێتە ململانێی حزبی کە دەڵێ بۆ شەڕڤان ریزەکانی یەپەگەو یەپەژە جێدەهێڵن؟ ئەی ئەمە ناچێتە خانەی کە حکومەتی هەێم ململانێی دەسەڵاتی رۆژئاوای کوردستان دەکات؟ 
٣- ئەی بۆ وەزارەتی ناوخۆ لە دۆسێی مستەفا سەلیمی هەڵاتوی دەست حزبی دیموکرات و جاشی ئێران، کە لە زیندانی سەقز رایکردو لە بانە ئێران گرتیەوە، بۆ قسەی نەکرد نەک بێلایەن بوو بەڵکو کاری بە لیژنەو لیژنەکاری سپارد؟!
ئەی ئەوە مۆنۆپۆڵکردن و بەکارهێنانی حکومەتی هەرێم بۆ بەرژەوەندی و ململانێی حزبی نیە کە پارتی بەکاری دەهێنێت؟ روونکردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ، وەک ئەوەیە رونکردنەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی بێت، لەبری پارتی دیموکراتی کوردستان تەنها لە خوارەوەی رونکردنەوەکە نوسراوە وەزارەتی ناوخۆ.

فەرمون لەگەڵ دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان 
دەربارەی ئەو تۆمەتانەی کە گوایە کەسێک بە ناوی (دالیا مەحموود موسلیم) لە هەرێمی کوردستانەوە رادەستی تورکیا کراوەتەوە. بە پێویستی دەزانین رای گشتی ئاگاداربکەینەوە کە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە بەڵکو هەوڵێکی چەواشەکارانەیە بۆ داپۆشینی راستیی بابەتەکە . 
دالیا مەحموود موسلیم ناسراو بە (ڤیان شەڕڤان) دوای ئەوەی واز لە هێزەکانی یەپەژە دەهێنێت لەگەڵ چەکدارێکی دیکەی خەڵکی بەدلیسی باکووری کوردستان بەناوی (سەلام رەمەزان محەممەد ناسراو بە تولهەلدان) کە لە ریزەکانی یەپەگە بووە، پەیوەندی خۆشەویستی دروستدەکەن و هەردووکیان بەیەکەوە بڕیاری وازهێنان دەدەن و رادەکەن.  
رەمەزان لە رۆژی 2020/7/9 بە ئارەزووی خۆی دەگەڕێتەوە تورکیا و پاشان دالیا مەحموود موسلیم بۆ پەیوەندیکردن بە سەلام لە رۆژی 2020/7/14 بە قاچاخ دەچێتە تورکیا و دواتر لە شاری مێرسین خۆی رادەستی پۆلیسی تورکیا دەکات. بۆیە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە.  
راگەیاندنەکانی پەکەکە و هاوبۆچوونەکانیان لە جیاتی تۆمەت بەخشینەوە، هەقە ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن کە بۆچی خەڵک واز لە ریزەکانی ئەوان دەهێنێت و ئامادەن بۆ دەربازبوون لە هەڕەشەکانیان، لە رێگەی قاچاخ ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە. 
دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە دەردەبڕن.  هەرێمی کوردستان وەک هەمیشەش بە پەناگەیەکی ئارام دەمێنێتەوە بۆ ئەوانەی رووی تێدەکەن و ئەم هەوڵە چەواشەکارانەیەش هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان 
2020/7/20

نەخشە دانان و پەرەپێدان لەلایەن تێراتارگێت بۆ زیرەکی دیجیتاڵی و داهێنانەکانی ئای تی