تووشبون به‌كۆرۆناو شوناسی مرۆڤ

ئاراس ره‌مه‌زان28/06/2020

شوناس، یاخود ناسنامه‌ی كه‌سێتی مرۆڤ، په‌یوه‌ستبوونێكی تاكییه‌و له‌هه‌موو ئه‌و بارودۆخه‌ كه‌سییانه‌ی مرۆڤ تێیدا گوزه‌ر ده‌كات له‌ژیانیدا، په‌یوه‌ستن به‌ بازنه‌ی ژیانی كه‌سێتیی و تایبه‌تییه‌وه‌.
هه‌ركاتێك، مرۆڤ له‌م بازنه‌ كه‌سییه‌ ده‌رچوو، واته‌ چالاكی و جوڵه‌كانی چونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م بازنه‌ كه‌سییه‌، جا تاوان بكات، سیاسه‌ت بكات، بزنس بكات یاخود هه‌ر چالاكیه‌ك كه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ژیانی گشتییه‌وه‌، ئه‌وا هه‌م میدیاو رۆژنامه‌نووسان، هه‌م تۆی رۆژنامه‌نووسیی هاووڵاتیش! له‌پلاتفۆڕمه‌كانی سۆشیال میدیادا مافی له‌سه‌ر نوسینت هه‌یه‌.
به‌ڵام، ئه‌وه‌ی له‌ئێستای كوردستاندا ده‌گوزه‌رێت، تێكشكاندنی كه‌سایه‌تی مرۆڤه‌ به‌گشتی، دواتریش تێكشكاندنی كه‌سێتیی ئه‌وانه‌ی توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌بن، هه‌میش ئه‌وانه‌ی به‌ كۆڤید19 ده‌مرن، به‌جۆرێك وایلێهاتووه‌ هه‌رماوه‌ (ێوره‌ قیدو وه‌فات نامه‌)كانیان بڵاوبكرێنه‌وه‌.
له‌كوردستان، وایلێهاتووه‌ ئه‌وانه‌ی توشیی كۆرۆنا ده‌بن، رووبه‌ڕوی له‌كه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ببنه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌شێكی په‌یوه‌سته‌ به‌م هه‌ڵمه‌ته‌ به‌رفراوانه‌ نامیدیایی و نالۆژیكی و نایاسایی و نا ئێتیكییه‌ی به‌شێك له‌ دامه‌زراوه‌ میدیاییه‌كان به‌تایبه‌تیش ته‌له‌فزیۆنه‌كان و پێگه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان (وێب سایته‌)ه‌كان و به‌كارهێنه‌رانی پلاتفۆڕمه‌كانی سۆشیال میدیا گرتویانه‌ته‌به‌ر.
نه‌خۆش، مافی به‌سه‌ر پزیشك و نه‌خۆشخانه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌هیچ وڵاتێكی دنیا، به‌بێ ره‌زامه‌ندی نه‌خۆش یاخود كه‌سوكاری یه‌كه‌می مردوو، وێنه‌و ڤیدیۆو ناسنامه‌و شوناس بڵاوناكرێته‌وه‌، واته‌ ئاساییترین مافی نه‌خۆش پاراستنی زانیارییه‌ كه‌سێتییه‌كانیه‌تی، پاراستنی زانیارییه‌ ته‌ندروستییه‌كانیه‌تی، به‌بێ ره‌زامه‌ندی خودی نه‌خۆش پزیشك ناتوانێت زانیاری بدات به‌نزیكترین كه‌سی نه‌خۆشه‌كه‌، له‌حاڵه‌تی زۆر ناچاریدا نه‌بێت، ئه‌ویش بۆ پاراستنی ژیانی نه‌خۆشه‌كه‌، كه‌ له‌و كاتانه‌شدا كۆده‌ ئێتیكیی و پیشه‌ییه‌كان ده‌شكێنرێن، به‌ڵام دواجار بۆ ژیانی مرۆڤ و باشی مرۆڤه‌.
پێویسته‌، پزیشك، ئیداره‌ی نه‌خۆشخانه‌كان، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، به‌جدی و وردی و بابه‌تیانه‌ كار له‌سه‌ر بابه‌تی پاراستنی ژیانی تایبه‌تی و كه‌سی نه‌خۆش به‌گشتیی و توشبوان و مردوان به‌ كۆرۆنا بكه‌ن، و رێگه‌ به‌ هیچ پزیشك و نه‌خۆشخانه‌یه‌ك نه‌درێت زانیاریی تایبه‌ت به‌خۆشه‌كان بڵاوبكرێته‌وه‌، چونكه‌ ئاماری توشبوان و مردوان جیاوازه‌ له‌وه‌ی ئێستا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌وان ده‌كرێ (ژماره‌ی توشبون، مردن، ره‌گه‌ز، ته‌مه‌ن، نه‌ته‌وه‌، شوێنی نیشته‌جێبوون) له‌م جۆره‌ زانیارییانه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام وێنه‌و ڤیدیۆو زانیاریی كه‌سی به‌پێی یاسا رێگه‌پێدراو نییه‌.
له‌پاڵ، دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان، ئه‌وه‌ی كاره‌ساتی له‌م بارودۆخه‌دا دروستكردووه‌، دامه‌زراوه‌كانی راگه‌یاندن، به‌تایبه‌تیش چه‌ند كه‌ناڵێكی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ رۆژانه‌ شوناسی نه‌خۆش و مردوانی كۆرۆنا بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌ره‌نجامیش له‌پلاتفۆرمه‌كانی سۆشیال میدیا هه‌زاران جار شه‌یر ده‌كرێته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ توشبوون به‌ كۆرۆنا تاڕاده‌یه‌كی زۆر بووه‌ به‌هۆی دروستبوونی (له‌كه‌ی)ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ناو خه‌ڵكدا به‌گشتی.
له‌وه‌ش سه‌یرتر، به‌ده‌یان رۆژنامه‌نووس، توشی كۆرۆنا بوون، شوناسی هیچ یه‌كێكیان بڵاو ناكرێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ كاره‌ ره‌سه‌نه‌كه‌ی رۆژنامه‌وانییه‌، ئه‌وه‌ پاراستنی شكۆی مرۆڤ، شكۆی نه‌خۆش و مردووه‌، كه‌ناڵ هه‌یه‌ نزیكه‌ی (20) رۆژنامه‌نووسی توشی كرۆنا بوون، به‌داخه‌وه‌، به‌ڵام نه‌خۆیان نه‌ هیچ كه‌ناڵی تریش بڵاوی نه‌كردۆته‌وه‌، كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی خۆت پێتباشه‌ له‌سه‌ر ستافه‌كه‌ت بڵاوی نه‌كه‌یته‌وه‌، بۆ له‌سه‌ر هاووڵاتییه‌كی ئاسایی بڵاوی ده‌كه‌یته‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌، له‌كوردستان، هه‌م رۆژنامه‌نووسی پڕۆفێشناڵمان كه‌مه‌، كه‌ وه‌كو پاسه‌وانی ده‌رگا بۆ فلته‌ركردنی زانیاریی به‌ر له‌بڵاوكردنه‌وه‌ له‌كه‌ناڵه‌كان بیكه‌ن، هه‌میش داواكاری گشتی، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانیش، وه‌ك پێویست، له‌م بارودۆخانه‌ زانیاری به‌رۆژنامه‌نووسان و كه‌ناڵه‌كان ناده‌ن، هه‌میش لێپرسینه‌وه‌ ناكرێت.
تێبینی: له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا جگه‌له‌ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان هیچ لایه‌نێكی ترم نه‌بینیوه‌، له‌وانه‌ی ئاماژه‌م پێدان، رێنمایی كاركردنیان له‌سه‌رده‌می كۆرۆنا دابێت به‌ رۆژنامه‌نووسان.

نەخشە دانان و پەرەپێدان لەلایەن تێراتارگێت بۆ زیرەکی دیجیتاڵی و داهێنانەکانی ئای تی