کوردناسان لە نێوان تۆمەتەکانی داگیرکەرانی کوردستان و نووسەرانی کورددا

د. جەبار قادر28/06/2020

داگیرکەرانی کوردستان و دەست و پێوەندەکانیان لە نووسەران و مێژوونووسانی دەربار تا پێیان کرابێ دانیان بە کورد و کوردستاندا نەناوە، کاتێکیش ناچار بووبێتن دان بەم ڕاستییانەدا بنێن، ئەوا دەیان تۆمەتیان بۆ کورد و بزووتنەوە نەتەوەیی و ڕزگاریخوازەکەی هەڵبەستووە. یەکێ لە بۆچوونە هەرە باوەکانیان ئەوە بووە کە گوایە کوردناسان بە خەیاڵ وڵاتێکیان بە ناوی کوردستان داهێناوە و دۆزێکیان بە نێوی دۆزی کوردەوە دروست کردووە، ئەگینا بەر لە هاتنی ئەوروپاییەکان بۆ ناوچەکە نە ولاتێک بە ناوی کوردستان و نە دۆزێک بە نێوی دۆزی کورد لە ئارادا بووە.

کورد لە گەلێ بواری زانستیدا قەرزاری ئەو کوردناسانەیە، کە سەدان بەرهەمیان لە بوارە جیاوازەکانی کوردۆڵۆژیادا بەم زانستە پێشکەش کردووە. ئەگەر کتێب و نووسین و هەوڵەکانی ئەو کوردناسانە نەبوونایە ڕەنگبێ ئێستاش زۆربەی کورد شەرەفنامە و مەم و زینیان نەدیتبایە. ئەو کوردناسانەی ژیانی خۆیان بۆ توێژینەوە لە بارەی کوردەوە تەرخان کرد، لە لایەن داگیرکەرانەوە وەک دوژمن سەیر دەکران و ڕێگەیان پێ نەدەدرا سەردانی ئەو وڵاتانە بکەن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کورد ببینن و لێکۆڵینەوەیان لە بارەوە بکەن. من بۆ خۆم ناسیاویم لە گەڵ چەندین کوردناسی لەم جۆرەدا هەبووە. ئەمانە دەیانتوانی هەندێ شت لە قازانجی ئەو داگیرکەرانە بنووسن و قازانجی زۆر بکەن، بەڵام ویژدانیان قەبووڵی نەکرد.

ڕۆژهەڵاتناسان و کوردناسانی ڕەسەن بە شێوەیەکی زانستییانە ئامادە دەکران، زمان، مێژوو و کولتوری گەلانی ڕۆژهەڵاتیان دەخوێند و فێری ڕێبازی لێکۆڵینەوە و میتۆدی زانستی دەکران، واتا هەموو کەرستەکانی پێگەیشتنیان بەدەست دەهێنا. گەلێکیان دەروێشی زانست بوون و هەموو ژیانیان بۆ کاری زانستی تەرخان کرد.

دەبێ جیاوازی لە نێوان ئەم ڕۆژهەڵاتناسانە و ئەوانەدا بکرێت، کە بۆ نوێنەرایەتی دەوڵەتەکانیان لە وڵاتانی تردا ئامادە دەکرێن، یا ئەوانەی لە دەزگا نهێنی و هەواڵگرییەکان کاریان کردووە و دوای ساڵانێکی زۆر لە کارکردن لە ڕۆژهەڵات و فێربوونی زمان و کولتوری گەلانی ئەو ناوچەیە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بوونە بە ڕۆژهەڵاتناس. نموونەکانی ،مێجەرسۆن، ئێدمۆندز، مێجەر نویل، مس بێڵ...تاد لە بەردەستدان. کەسانی وەک مینۆرسکی، نیکیتین و گەلێکی تریش لە دەسپێکدا نوێنەری بەرژەوەندییەکانی وڵاتی خۆیان بوونە لە کوردستان، بەڵام دوای شۆڕشی ئوکتۆبەر خۆیان بۆ کاری زانستی و توێژینەوە تەرخان کردووە.

بە درێژایی مێژووی زانراو کورد لە بارێکدا نەبووە بتوانێ کادیری شارەزا لە بوارە جیاوازەکانی زانستە مرۆییەکاندا بە شێوەیەکی پیشەیی ئامادە بکات، بۆیە تا ئێستاش لە زۆر بواردا پشت بە بەرهەمی ئەو کوردناسانە دەبەسترێت. ژمارەیەکی زۆر لەو کوردانەشی لە بوارە جیاوازەکانی ئەدەب، مێژوو، زمانی کوردیدا کاریان کردووە و ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە بەرەو پێشبردنی ئەو بوارانە لە ژێر دەستی کوردناسانەدا پێگەیشتوون.

کێ ئەوەندەی خوالێخۆشبووان دکتۆر مارف خەزنەدار و دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ خزمەتی ئەدەبی کوردی کردووە؟ ئەی کێ توانیوێتی لە بواری لێکۆڵینەوەی مێژووییدا جێگەی دکتۆر کەمال مەزهەر بگرێتەوە؟ ئەی کار و بەرهەمەکانی خوالێخۆشبوو دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف چۆن هەڵدەسنگێنن؟ خۆ باسی قەناتێ کوردۆ، عەرەبێ شەمۆ، حاجیێ جندی، چەرکەزێ بەکۆ، زارێ یۆسپ، جەلێلێ جەلی، ئۆردۆخانێ جەلیل، شاکرۆیێ محۆیی، شەرەفێ ئەشیری و سەدانی تر لە کوردانی ڕووسیا و یەکێتی سۆڤییەتی جاران ناکەین. ئەی کارەکانی ئۆربیلی، مار، ژابا، مینۆرسکی، نیکیتین، خاڵڤین، ڵازەرێف، هەسراتیان، ڕودینکۆ، ڤاسیلێڤا، موسائیلیان و ژگالینا و دەیانی تر لە کوێ دابنێین؟. باسی ئێمە لێرەدا لە سەر ئەو کوردناسانەیە کە بە زمانی ڕووسی بەرهەمەکانیان بڵاوکردووەتەوە و لە بیبلیۆگرافیای کوردناسیدا، کە بە دوو بەرگ لە ساڵی ١٩٩٦ بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە کتێب و توێژینەوەکانیان کراوە.

دەتوانین زۆر بە باشی لەوە تێبگەین بۆ چی داگیرکەران بەو چاوە دوژمنکارانە سەیری کوردناسان دەکەن و ئەو تۆمەتانەیان بۆ هەڵدەبەستن. ئاخر ئەوان لەوە باش تێگەیشتوون کە بەرهەمە زانستییەکانی ئەوان لە بواری کوردناسیدا هەستی نەتەوەیی لە لای کوردان بە هێز دەکەن و وایان لێ دەکەن شانازی بە کوردبوونی خۆیانەوە بکەن.

لەم ساڵانەی دواییدا هەندێ نووسەری کوردیش لە ژێر کاریگەری توێژەرانی عەرەب و ئیسلامیدا، کە لە بنەماوە زانستی ڕۆژهەڵاتناسی ڕەتدەکەنەوە و بە زانستێکی کۆڵۆنیاڵی لە قەڵەم دەدەن، کەوتوونەتە وێزەی کوردناسان و هەندێکیان و هەندێ جاریش هەموویان بە پیاوی دەزگا جاسووسی و هەواڵگرییەکان لە قەڵەم دەدەن. ئەمە بۆچوونێکی زانستی و دروست نیە. باشترین کار و خزمەت بۆ مێژوو، زمان و کولتوری کورد لە وەدایە لێکۆڵینەوەی زانستی لە بارەی بەرهەمەکانی کوردناسانەوە بکرێ، لە ڕێگەی ڵگەی زانستییەوە بۆچوونە دروستەکانیان جێگیر بکرێن و نادروستەکانیان ڕاست بکرێنەوە.

گومان لەوەدا نیە کە ئەوەی ڕۆژهەڵاتناسان و کوردناسان لە بارەی کوردەوە نووسیویانە هەموو ڕاستییەکان نیە و لە هەڵە و پەڵە بەدەر نین. زۆر جار لە دیدێکی سێنترالیزمی ڕۆژئاواییەوە سەیری گەلانی دونیایان کردووە و بە پێوەرە ڕۆژئاواییەکان دیاردەکانیان هەڵسەنگاندووە و لەو گەلانە کۆڵیونەتەوە. ئەگەر ڕۆژهەڵاتناسان بەرژەوەندییان لە گەڵ گەلانی سەردەستەی وەک عەرەب و تورک و فارسدا هەبووبێ، ئەوا گەلێکی هەژار و بێدەرەتانی وەک کورد هیچی نەبووە بەم کوردناسانەی پێشکەش بکات. ئەگەر خەتێکی ڕاست و چەپ بەسەر بەرهەمی کوردناسان بهێنرێت، ئەوا زیانێکی گەورە بە میراتی کولتوریی کورد دەگەینرێ.

نەخشە دانان و پەرەپێدان لەلایەن تێراتارگێت بۆ زیرەکی دیجیتاڵی و داهێنانەکانی ئای تی