نور: یەكەم كچكە كوردی پیشەگەرم لە مێژووی تۆپی پێی كوردی

2 مانگ پێش ئێستا ژمارەی بینین: 97 جار

لەشەقامەكانی سویدەوە دەستی پێكرد لە ئینگلتەڕا خۆی دۆزییەوە
 راپۆرت
بیر وهزر وتوانای خۆی ئاوێتەی تواناكانی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ-ی سویدی كردوووە، 
خانمە یاریزانی تەمەن (19) ساڵ ناوی  (نور موستەفا)یە، ئەو لەدایك و باوكێكی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان وخەڵكی سەری كانییە وخانەوادەكەی ئاوارەی وڵاتی سوید بوونە  نور لەوێ لەدایك دەبێت و دەشڵێ: بەشانازییەوە سویدیم، بەڵام هەرگیز ئەوە لەیاد ناكەم كە دایك و باوكم خەڵكی كوێن..
نور لەگەڵ كوڕانیش یاری دەكات وپێی وایە لەوان فێری زۆر شت دەبێت
نور موستەفا-ی خانمە هێرشبەری كوردی تیمی خانمانی یانەی وێستهام یۆنایتد-ی ئینگلیزی لەبارەی حەز و خولیا و دەستپێكی یاریكردنی دەڵی: هەر كاتێك دەڕۆیشتم بۆ فرۆشگاكان شیر بكڕم تۆپم لەلابوو، تۆپ لەژێر قاچم دابوو لەسەر شەقام یاری تۆپی پێم دەكرد، تەمەنم پێنج شەش ساڵان بوو لەگەڵ كوڕان لەپارك و باخچە و شەقامەكان یاری تۆپێنم دەكرد، تاكە كچ بووم لەوێ لەگەڵ كوڕان یاریم دەكرد، وەك ئەوەی منیش یەكێك بم لەكوڕەكان،لەیاری كردنیش لەگەڵ كوڕاندا زۆر شت فێر دەبی، خۆڕاگری و خۆئامادەكردن بۆ ئەوەی بەباشی بجەنگیت، هەموو كەس ناتوانێ ئەو باوەڕ بەخۆبوون و خۆڕاگرییە دروست بكات.

نور بەهۆی زۆری خولیام بۆ تۆپی پێ بۆی دەسوتام
سەبارەت بەخۆشەویستی بۆ یاری تۆپی پێ، دەڵێ: ئەگەر راستی بڵێم زۆر كەس نەیاندەویست من یاری بكەم و پێیان دەوتم تۆ كچی دەبێت لەماڵەوە بیت، ئەندامانی خێزانی خۆشم هەبوو بەهەمان شێوە لەگەڵ ئەوەدا نەبوون یاری بكەم، بەڵام من یاری تۆپی پێم خۆشدەویست و خولیام بۆی هەبوو، بۆی دەسووتام، خۆشەویستیم بۆ وەرزشی تۆپی پێ زۆر گەورەبوو، دواجار هەنگاو بەهەنگاو پشتگیری دایك و باوكم بەدەستهێنا.

هەستم بە جیاوازی كرد بەهۆی رووخسارم،بەڵام تواناكانم وەستاندیانی
 ئەو لەبارەی یاریكردن و دەركەوتنی لەیەكەم تیمی تۆپی پێدا دەڵێ: هاوڕێیەكم هانیدام یاری بۆ تیمێكی ناوخۆیی بكەم، هاوڕێكەم وەك سویدییەكی ئاسایی بوو قژ زەرد و چاوشین، منیش وانەبووم قژێكی رەشی تاریك و چاوم رەش و تاریك بوو، ئەوەبوو سەرەتا هەستم بەبەخێرهاتن نەكرد تەنها لەبەر ئەو رەنگ و رووخسارەم، بەڵام دواتر لەسەر ئەو شێوازەی خۆم یاریم كرد و لەكچەكانی تر باشتربووم و نەیانتوانی هیچ بڵێن.

لەمنداڵییەوە ئارەزووی تیپێكی لووتكەم هەبوو
نور دەڵی: حەزی من بۆ تۆپی پێ خولیایەكی گەورەیە و هەر لەمنداڵییەوە ئارەزووی ئەوەم دەكرد كەپەیڕەوی تۆپی پێی پیشەگەریی بكەم و لەتیمێكی پڕۆفیشناڵدا یاری بكەم، لەیاری كردندا خواست و ئامانج ئەوەبوو هەمیشە كاری گەورە بكەم، هەمووكات بەخۆم دەوت (نەخێر)، پێویستە ئەو ژمارانە دوو هێندە لێبكەم، دەبوو شتی وابكەم، خاڵی بەهێز و سەرەكی من لەیاریگادا هێزەكەمە، لەهێز و جەستەدا، هەروەها شێواز و تایبەتمەندی.


بەشانازییەوە لەیانەی وێستهام یۆنایتد یاری دەكەم
لەبارەی یانەی وێستهام یۆنایتد-ەوە دەڵێت: یانەی وێستهام یۆنایتد چاودێرییان دەكردم و دواجار گرێبەستیان لەگەڵدا كردم، بۆمن شانازییەكی گەورەیە كە لەیانەی وێستهام یۆنایتد یاری دەكەم و نوێنەرایەتی یانەكە دەكەم، چونكە یانەیەكی جوانە و مێژوویەكی زۆر گەورەی هەیە، خەون و ئامانجی من ئەوەیە ببمە یەكێك لەیاریزانانی تۆپی پێی جیهان و بگەمە بەرزترین ئاست، ئێستا ئامانج فێربوون و نماییش كردنی زیاتر و باشكردنی ئاستەكەمە و وەك هەموو یاریزانەكان دەمەوێ نازناوەكان لەگەڵ تیمەكەم ببەمەوە، هەرچەندە هێشتا چەندین ساڵم لەپێش ماوە بۆ یاریكردن تا زیاتر لەپیشەكەمدا بڕۆمە پێشەوە.

یەكەم خانمی پیشەگەرم لە مێژووی تۆپی پێ كوردی
دواجار نور موستەفا لەلایەن خۆیەوە رێنمایی گەنجان دەكات و دەڵێ: رێنمایی و پەیامی من بۆ گەنجەكان ئەوەیە كە زۆر هەوڵ بدەن و باوەڕیان بەخۆیان هەبێت و هەرگیز ئەوە لەبیر نەكەن لەكوێوە هاتوون، هەموو شتێك ئاسانە ئەگەر بەڕاست و دروستی بیانەوێ بەدەستی بهێنن، ئێستا یەكەم كچی كوردم كە تۆپی پێ بەشێوازی پیشەگەریی پەیڕەودەكەم، بوونە یەكەم كچە یاریزانی كورد لەیاری تۆپی پێدا، دەرگایەكە بۆ ئەوانەی حەز دەكەن بێنە نێو ئەم بوارە.


بیۆگرافیا:
-ناو: نور موستەفا.
-ساڵڕۆژی لەدایكبوون: 29-11-2001.
-شوێنی لەدایكبوون: شاری ئیسكلستونا/ سوید.
-شوێنی نیشتەجێبوون: شاری ئیسكلستونا/ سوید.
-شوێنی مانەوەی ئێستای: شاری لەندەن/ ئینگلتەرا.
-بەڕەچەڵەك كوردی رۆژئاوایە و خەڵكی سەری كانی-ە.
-رەگەزنامەی سویدی هەیە.
-باڵا: 184 سانتیمەتر.
-یانە: وێستهام یۆنایتد/ ئینگلتەرا.
-وادەی پەیوەندی كردن بەیانەكە: مانگی تەمووزی 2020.
-هێڵی یاریكردن: هێرشبەر.
-ژمارەی درێس: 11.
-لەئەكادیمیای یانەی ئەی ئێف سی ئیسكستونا پێگەیشتووە و بەتیمەكانی یانەكە تێپەڕبووە تا گەیشتووەتە تیمی یەكەم.
*ئەو تیمانەی یاری تێدا كردووە:
-ساڵی 2019: تیمی یانەی ئای ئێف كەی نۆرشۆپینگ لەخولی پلە یەكی سەرتاسەریی خانمانی سوید (4 یاری).
-ساڵی 2019: تیمی یانەی ئەی ئێف سی ئیسكلستونا لەخولی نایابی خانمانی سوید (1 یاری) و جامی یانەكانی سوید (1 یاری و 1 گۆڵ).
-ساڵی 2019: بانگهێشتی هەڵبژاردەی لاوانی سویدی ژێر تەمەن 18 ساڵ كراوە.
*ئامارەكانی یاریكردنی لەگەڵا تیمی خانمانی یانەی وێستهام یۆنایتد-ی ئینگلیزی:
-خولی سوپەری خانمانی یانەكانی ئینگلتەرا (سوپەر لیگ)ی وەرزی 2020-2021: (4 یاری).
-خولی جامی یانەكانی ئینگلتەرا (لیگا كەپ)ی وەرزی 2020-2021: (4 یاری)

نەخشە دانان و پەرەپێدان لەلایەن تێراتارگێت بۆ زیرەکی دیجیتاڵی و داهێنانەکانی ئای تی