كێ كه‌ركوك و شه‌نگالی تەسلیمی به‌غدا كرد؟

16/10/2020 ژمارەی بینین: 23 جار

به‌پێی رێككه‌وتنی 12ی ته‌مموزی 2016 بارزانی یه‌كه‌مجار كه‌ركوك و پاشان شه‌نگالی ته‌سلیم به‌ حكومه‌تی عێراق كردووه‌.
رۆژی 12-7-2016 به‌ ئاماده‌بوونی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ئه‌و كاتی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ریم شه‌نگالی وه‌زیری به‌ وه‌كاله‌تی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌لیسا سلۆتكین، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا‌ بۆ ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ هه‌ولێر رێككه‌وتنێكیان ئیمزا كرد. به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ساڵانه‌ 400 ملیۆن دۆلاری له‌ ئه‌مریكا وه‌رده‌گرت به‌ ناوی شه‌ڕی دژ به‌ داعش. له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌رێمی كوردستان  پابه‌ند ده‌بوو هه‌ر ناوچه‌یه‌ك ئازاد بكات، له‌ كاتی ئاماده‌یی حكومه‌تی فیدراڵیی عێراق دا، ئه‌و ناوچه‌یه‌ ته‌سلیم به‌ ده‌سه‌ڵاتی عێراق بكاته‌وه‌.
به‌ پێی ئه‌م رێككه‌وتنه‌، مه‌سعود بارزانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی بۆ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌كارهێنا و هه‌زاران پێشمه‌رگه‌ له‌و پێناوه‌دا شه‌هید و بریندار بوون بێ ئه‌وه‌ی ماندوبوونه‌كه‌یان ببێته‌ ده‌ستكه‌وت بۆ خۆیان و خه‌ڵكی كوردستان.
ئه‌وكات كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، چاودێرانی سیاسی ره‌خنه‌ی توندیان له‌ سه‌رۆكی هه‌رێم گرت كه‌ پێشمه‌رگه‌ی وه‌كو هێزێك كه‌ به‌ پاره‌ شه‌ڕ بكات به‌كارهێناوه‌ و له‌ جیاتی سوپای عێراق شه‌ڕ به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كات له‌ كاتێكدا قازانجی ئه‌و قوربانیدانه‌ راسته‌وخۆ بۆ كوردستان نییه‌. چونكه‌ له‌ ده‌قی رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتبوو كه‌ هه‌ر كات حكومه‌تی عێراق داوای كرد ناوچه‌ ئازاد كراوه‌كانی ته‌سلیم بكرێت، نابێت هه‌رێمی كوردستان داوای خاوه‌ندارێتیی ئه‌و ناوچانه‌ بكات. بارزانی به‌م داوایه‌ی ئه‌مریكا و عێراق رازی بوو به‌و مه‌رجه‌ی 400 ملیۆن دۆلار وه‌ربگرێت.
له‌ دوای ریفراندۆمی ساڵی 2017 حه‌یده‌ر عه‌بادی داوای كه‌ركوكی كرده‌وه‌ و بارزانی رازی بوو كه‌ كه‌ركوك ته‌سلیم به‌ عێراق بكرێته‌وه‌، به‌ڵام نه‌یویست ئه‌و هه‌ڵه‌ گه‌وره‌یه‌ بخاته‌ سه‌رشانی خۆی و مێژوو له‌ خۆی بشێوێنێت ، بۆیه‌ په‌نای برد بۆ دروستكردنی چیرۆكی 16ی ئۆكتۆبه‌ر و وای له‌ خه‌ڵكی كوردستان گه‌یاند كه‌ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان كه‌ركوكی ته‌سلیم به‌ عێراق كردۆته‌وه‌. له‌ كاتێكدا به‌پێی ئه‌م رێككه‌وتنه‌، بارزانی به‌رپرس بوو له‌ ته‌سلیم كردنی كه‌ركوك به‌ عێراق.
ئێستاش سێ ساڵ دوای ئه‌و كاره‌ساته‌، بارزانی متمانه‌ پێكراوترین پیاوی خۆی له‌ناو حكومه‌تی هه‌رێم نارد بۆ به‌غدا و ره‌زامه‌ندیی نیشان دا كه‌ شه‌نگال ته‌سلیم به‌ عێراق بكرێته‌وه‌ چونكه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئێستا داوای كردووه‌ شنگال بخرێته‌وه‌ ژێر ركێفی ده‌وڵه‌تی عێراق.
به‌ڵام دووباره‌ بارزانی ته‌سلیم كردنی شنگال به‌ ده‌سكه‌وت بۆ كوردستان و پێكه‌وه‌ ژیان باس ده‌كات و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ سنووری ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی خۆیه‌تی، ناتوانێت ته‌سلیم كردنه‌كه‌ی بخاته‌ ئه‌ستۆی یه‌كێتیی و لایه‌نی تری پێ تۆمه‌تبار بكات و خه‌ڵكی كوردستانی پێ چه‌واشه‌ بكات.
ته‌سلیمكردنی شنگال هیچ ده‌ستكه‌وتێكی بۆ گه‌لی كوردستان تیا نییه‌، هه‌روه‌ك چۆن ته‌سلیمكردنی كه‌ركوك هیچ قازانجێكی بۆ كوردستان نه‌بوو. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌ زیانی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان بوو، پارتی ئه‌نجامی دا و سێ ساڵیشه‌ له‌ یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و دانانه‌وه‌ی پارێزگارێكی كورد بۆ شاره‌كه‌، هه‌نگاوی ئیجابیی نه‌ناوه‌.

نەخشە دانان و پەرەپێدان لەلایەن تێراتارگێت بۆ زیرەکی دیجیتاڵی و داهێنانەکانی ئای تی