عەبدولناسڕ ئەحمەد: فرەبازنەیی زەرەری زۆر لە پێگەو دەنگی كورد دەدات لە ناوچە جێناكۆكەكان

1 مانگ پێش ئێستا ژمارەی بینین: 42 جار

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایگەیاندووە، حکوومەت سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەوادەی بڕیارلێدراودا، بەو پێیەی ئەمە خواستی خەڵکە و لەگەڵ رێنماییەکانی مەرجەعییەت یەک دەگرێتەوە و خواستی هێزە سیاسییەکانیشە، هەروەها لە پێشینەی کارنامەی حکوومەت دایە و پێوەی پابەندە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کردوە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان بەمەبەستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەو وادەیەدا کە دیاریکراوە.
مستەفا کازمی وەزارەت و فەرمانگە حکوومییەکانی راسپاردووە بەمەبەستی کارئاسانیی و رێککاری پێویست بۆ لابردنی ئاستەنگەکان لەبەردەم کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارن و کارکردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژارن لە وادەی خۆیدا
لەبارەی ئاستەنگ و ڕێگریەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پێوەختە لە عێراق، عەبدەلناسڕ ئەحمەد بڕیاردەری لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەروەی ئیدارەی هەرێم، لەمیانی بەشداریكردنی لەبەرنامەی فۆكەس، بەڕادیۆی دەنگی گەلی كوردستانی ڕاگەیاند: كابینە یەك لەدوایەكەكانی حكومەتی عێراق بەداخەوە خەمسارد بوون لەچارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی ناوچە جێناكۆكەكان وە دەبوو بەشێك لە كێشەكانیان چارەسەر بكردایە، وە گەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بەو جۆرە بكرێت كە تا ڕادەیەك پەلەپەلی پێوەدیارە و بڕیاریان داوە بكرێتە فرە بازنەی و وەهەر پارێزگایەكیش بكرێتە چەند بازنەیەك، وە هەر قەزاو ناحییەكیش بە بازنەی جیاواز بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات ئەمە زەرەرێكی زۆر لە پێگە و دەنگی كورد دەدات لەو ناوچانە، چونكە دەنگی كورد لەو ناوچانە بەشێوەیەكی بەرچاو كەم دەكات .
ئاماژەی بەوەشكرد: لەساڵی 2017 بەدواوە ئەو ناوچانەی كوردی لێبووە و ناوچەی كوردستانی بووە ئێستا زۆربەی زۆری ماڵ و حاڵی خۆیان گواستۆتەوە بۆ شوێنەكانی تر، وە لەشوێنەكانیان عەرەب نیشتەجێبوون، كە ئەمە خۆی بۆخۆی زەرەرێكی زۆر لە كورد و ناوچە كوردستانیەكانی دەروەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەدات .

نەخشە دانان و پەرەپێدان لەلایەن تێراتارگێت بۆ زیرەکی دیجیتاڵی و داهێنانەکانی ئای تی