جه‌لیل گادانی كۆچی دوایی كرد

1 مانگ پێش ئێستا

سكرتاریه‌تی حزبی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: جه‌لیل گادانی، ئه‌ندامی پێشووی رێبه‌ریی حزبی دیموكرات ، به‌هۆی كۆرۆناوه‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، سكرتاریه‌تی حزبی دیموكراتی كوردستان له‌ ماڵپه‌ڕی ره‌سمی خۆیاندا بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌: "جه‌لیل گادانی، كه‌ نزیك به‌ هه‌فته‌یه‌ك بوو له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر چاودێری چڕی پزیشكیدا بوو، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ كۆچی دوایی كرد.

جه‌لیل گادانی ساڵی 1934 له‌ شاری مه‌هاباد له‌ دایكبووه‌. ساڵی 1948 بووه‌ته‌ ئه‌ندامی حزبی دیموكراتی كوردستان و دواتر له‌ سه‌رده‌می حه‌مه‌ره‌زا شای په‌هه‌له‌ویدا له‌سه‌ر چالاكی سیاسی 13 ساڵ زیندانی كراوه‌.

ئه‌و له‌ زیندان زمانی فه‌ره‌نسی خوێندووه‌ و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له‌ زمانی فه‌ره‌نسی له‌ زانكۆی تاران وه‌رگرتووه‌.

دوای رووخانی حكومه‌تی پاشایه‌تی كه‌ حزبی دیموكرات چالاكی ئاشكرا ده‌ستپێده‌كات، وه‌ك ئه‌ندامی رێبه‌ریی حزب هه‌ڵده‌بژێرێت و ده‌بێته‌ ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی.

ساڵی 1988 جه‌لیل گادانی و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی حزبی دیموكرات جیا ده‌بنه‌وه‌، ناوی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران – رێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ له‌سه‌ر خۆیان داده‌نێن و جه‌لیل گادانی ده‌بێته‌ سكرتێری گشتی.

تاوه‌كوو ساڵی 1996 كه‌ له‌گه‌ڵ حزبی دیموكرات یه‌كده‌گرنه‌وه‌، سكرتێری گشتی رێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ بووه‌. دواتر له‌ كۆنگره‌ی 10ی حزبی دیموكرات، یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی دوای یه‌كگرتنه‌وه‌، دیسان وه‌ك ئه‌ندامی رێبه‌ری و ده‌فته‌ری سیاسی حزبی دیموكرات هه‌ڵده‌بژێرێته‌وه‌.

له‌ساڵی 2006 دیسان ریزه‌كانی كه‌ حزبی دیموكرات لێكده‌ترازێت، جه‌لیل گادانیشیان له‌گه‌ڵ ده‌بێت. له‌ كۆنگره‌ی 14ی حزبی دیموكراتی كوردستاندا، یه‌كه‌مین كۆنگره‌ی دوای لێكدابڕان، وه‌ك به‌رپرسی كۆمیسیۆنی چاودێری حزبی دیموكراتی كوردستان ده‌ستنیشان كرا.

نەخشە دانان و پەرەپێدان لەلایەن تێراتارگێت بۆ زیرەکی دیجیتاڵی و داهێنانەکانی ئای تی