جەلیل گادانی : خەباتی چەكداریەی یەكێتی هاندەرێك بوو بۆ حیزبەكانی تر خەبات بكەن.

4 مانگ پێش ئێستا ژمارەی بینین: 377 جار

ڕادیۆی ده‌نگی گه‌لی كوردستان له‌ زنجیره‌ به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تدا به‌ (45) ساڵیادی و دامه‌زراندنی یه‌كێتی و په‌یوه‌ندی نێوان یه‌كێتی و حزبه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، دیدارێكی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی و سكرتێر و ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی چه‌ند حزبێكی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان ئه‌نجامدرا.
سه‌باره‌ت به‌ ڕۆڵ و كه‌سایه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال، جەلیل گادانی، تێكۆشەری دێرینی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هاوڕێی سه‌رۆك مام جه‌لال و سكرتێڕی پێشووی حزبی دیموكراتی كوردستان ڕێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ، لە میانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەكه‌دا ڕایگەیاند: مام جەلال هەمیشە هاوكار و پاڵپشتێكی گەورەی حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە.
سەبارەت بە پەرۆشی هاوڵاتیان بۆ دامەزراندنی یەكێتی نیتشمانی كوردستان و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕش له‌ باشووری كوردستان، ئەو تێكۆشەرە دێرینیەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرایكرد،  یەكێتی كە دامەزرا نەك هەر هاوڵاتیانی باشوری كوردستان، بەڵكو كوردانی هەرچوار پارچەی كوردستان دڵخۆشبوون و ئومێدیان بۆ گەڕایەوە چونكه‌ به‌ هۆی هه‌ره‌سی شۆڕشه‌وه‌ خه‌ڵك له‌ نائومێدیه‌كی زۆردا بوو .
جەلیل گادانی، ئاماژەی بەوەشدا ، ئەو خەباتە چەكداریەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە لە شاخەكان و رێكخستنەكانی ناو شار هەیبوو هاندەرێك بوو بۆ حیزبەكانی تری ڕۆژهەڵات كە هاوشێوەی یەكێتی خەبات بكەن.
ڕوونیشیكردووە ، لەگەل دامەزراندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ، حیزبەكانی باشور و ڕۆژهەلاتی كوردستان پەردەیەكی خامۆشیان بەسەرەوە بوو ، بەڵام یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو بە باوەشێن و ئومێدی بۆ گەڕاندنەوە.
جەلیل گادانی وتی:  مام جەلال هەموو كات هاوكاری خۆی دەربڕیوە بۆ حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئامادەبووە بۆ دانوستان لەگەڵیان.
سه‌باره‌ت به‌ كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، جه‌لیل گادانی ڕاشیگه‌یاند، هوادارین كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی ببێته‌ هۆی سه‌ركه‌وتنی یه‌كێتی و دووباره‌ زیندووكردنه‌وه‌ی خه‌باتی سه‌رۆك مام جه‌لال

نەخشە دانان و پەرەپێدان لەلایەن تێراتارگێت بۆ زیرەکی دیجیتاڵی و داهێنانەکانی ئای تی